|
سه‌عدی ئه‌حمه‌د
پیره:
جگه له‌پارتی‌و یه‌كێتی هیچ حیزبێك نازانێ چ پۆستێك‌و وه‌زاره‌تێكی
به‌رده‌كه‌وێ
جینۆ سایدی دوێنێ‌و پاشماوه‌ی تاریكیه‌كانی كلتوری به‌عس له ئه‌مڕۆدا
پێویستی ستراتیژێكی بێداری له‌مامه‌ڵه‌كردنی سیاسیانه‌ی كوردا
هێناوه‌ته گۆڕێ، ئه‌مڕۆ پێویسته ئاوڕدانه‌وه له كه‌سوكاری ئه‌نفال‌و
قوربانیه‌كانی
خه‌ڵكی كوردستان ئه‌وله‌ویاتی كاری حكومه‌تی هه‌رێمی
كوردستان بێت، له‌م پێناوه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ی سنوره ڕاسته‌قینه‌كانی
كوردستان‌و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی سه‌دوچل، هه‌روه‌ها یه‌كخستنه‌وه‌ی نێو
ماڵی كورد‌و زاڵبون به‌سه‌ر گرفته حزبیه‌كاندا بۆ دروستكردنی یه‌ك
ده‌نگی‌و یه‌ك ڕه‌نگی كورد، به‌شێكه له‌ته‌وه‌ره باوه‌كانی ئه‌مڕۆی
مامه‌ڵه سیاسیه‌كانمان، هه‌روه‌ها شوێن‌و ئه‌زمونی بزووتنه‌وه‌ی
ئیسلامی و په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تدا له‌م دیداره‌ی به‌ڕێز
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی
كوردستان خرایه ڕوو.
دیداری:
هێدی هه‌ولێری
تا
ئێستا حكومه‌ت كه‌مته‌رخه‌م بووه له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی
شه‌هیدان‌و په‌ككه‌وته‌و زیان لێكه‌وتووه‌كانی پرۆسه‌ی به‌ناو (ئه‌نفال)،
چ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كت له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه؟
له حه‌قیقه‌تدا مه‌سه‌له‌ی (ئه‌نفال) كاره‌ساتێكه جانیبی سیاسی
هه‌یه‌و جانیبی قانوونی هه‌یه، ئه‌وه‌ی تا ئێستا له ڕووی سیاسیه‌وه
كراوه، وه‌ك به دۆكیۆمێنتكردنی كێشه‌كانی (ئه‌نفال)و به ڕه‌سمی
ناساندنی له‌لایه‌ن حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار كارێكی
گه‌وره‌یه، هه‌روه‌ها هه‌میشه له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی
مه‌ده‌نی به‌ناوی په‌یوه‌ندیدار به كاروباری ئه‌نفال كه‌مته‌رخه‌میان
نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت هه‌ر ئه‌مساڵ كۆنفرانسێكی جیهانی كرا بۆ باسكردن‌و
لێدوان له‌سه‌ر ئه‌نفال‌و پێشكه‌شكردنی دیراسه‌تێك بۆ به ئیعتبار كردنی
ئه‌نفال وه‌كو (جینۆساید)، قه‌راری دادگای جینائی عێراقیش ده‌رچووه له
دادگایی كردنی سه‌رانی ڕژێم به تایبه‌تی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیدو
سوڵتان هاشم‌و حسێن ڕه‌شید .... ، وه ده‌ره‌جه‌ی ته‌واوی وه‌رگرتووه
به له سێداره‌دان‌و سزادانی ئه‌وانه‌ی به ئیعتبار هه‌ستاون به
كاروباری (ئه‌نفال)و (جینۆساید) . دیاره مه‌وزوعی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی
كه‌س‌و كاری ئه‌نفالكراوه‌كان، ئه‌وانه‌ی كه له دوای ئه‌نفال ماون،
پێم وایه ئه‌وانه به پاره قه‌ره‌بوو ناكرێنه‌وه واته : له دونیا
شتێكی وا نییه، ئه‌وه پاره نییه ئه‌وانه قه‌ره‌بوو بكاته‌وه،
مه‌سه‌له‌یه‌كی ئه‌وه‌نده گه‌وره‌و سه‌نگینه، به‌ڵام
قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌نفال كراون له ئه‌ساسدا ئه‌ركی حكومه‌تی
عێراقه، وه هه‌ر حكومه‌تێك بێت، دوای ئه‌وه په‌یوه‌ندی به ئه‌وه
نیه كه ئه‌و حكومه‌ته حكومه‌تێكی نیشتیمانیه‌و خۆماڵیه، ئه‌وه‌ی پێش
ئه‌وه جینایه‌تكار بووه . وه ئێستا ده‌بینن له عورفی ده‌ولی به
ده‌لیلی ئه‌وه‌ی كه ووڵاتان عوزریان له‌سه‌ر ڕژێمی به‌عس هه‌بووه،
ئێستا عه‌فووی نه‌كه‌ن ده‌توانن داوا بكه‌ن‌و له قه‌رزه‌كانیان خۆش
نه‌بن، ده‌توانن داوا بكه‌ن، به‌ڵام هه‌قی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته،
به‌ڵام له مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال ئه‌وه حقوقی هه‌م میللی‌و سیاسی‌و یان
حقوقی شه‌خصی هه‌یه له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت، بۆیه به‌شێك له‌و
قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه بۆ كه‌س‌و كاری ئه‌نفال حكومه‌تی مه‌ركه‌زی
ده‌گرێته‌وه، جگه له‌وه‌ش هه‌موو ئه‌و كۆمپانیا‌و ده‌زگایانه‌ی كه به
درێژایی چه‌ند ساڵ كۆمه‌كی عێراقیان كردووه، بۆ وه‌به‌رهێنانی گازی
كیمیایی‌و چه‌كی پێشكه‌وتوو، ده‌بێت دانوستانیان له‌گه‌ل بكرێت ئه‌وانیش
به‌شداری بكه‌ن له قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌نفال‌و ئه‌و ناوچانه‌ی كه
به‌ركه‌وتوون وه خۆشكردنی ژینگه‌و خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵك له‌و ناوچانه .
پارتی‌و یه‌كێتی نیگه‌رانن له یادداشتی چوار
حیزبه كوردستانیه‌كه؟
كێ ده‌ڵێ پارتی‌و یه‌كێتی نیگه‌رانن؟ قه‌تعه‌ن وا نییه! من دیوومه كاك
محمدی حاجی مه‌حمود قسه ده‌كات، كه‌متر ئه‌وانی‌تر قسه ده‌كه‌ن، به‌ڵام
نه‌مبیستووه پارتی‌و یه‌كێتی نیگه‌ران بن له‌و مه‌وزوعه . ئه‌گه‌ر
یه‌كێك یاداشتێك ڕه‌وان نه‌كات، یان سه‌رنج‌و تێبینی نیشان نه‌دا، وه
گوێشی لێ نه‌گیرێ، له هه‌مان كاتدا له پرسیاره‌كانی جه‌نابتان ده‌یكه‌ن
ده‌تانه‌وێ شتێك بوروژێنن وه‌كو ڕۆژنامه‌نووس، باشه وه‌ڵامتان
نه‌درێته‌وه ده‌ڵێن جواب نه‌بوو، كه جواب بدرێته‌وه واتای ئه‌وه نییه
كه نیگه‌ران بین، نیگه‌رانی له كوێ دیاره، چۆن باسی یه‌كێتی‌و پارتی
ده‌كه‌ین ئاواش باسی حیزبه‌كانی‌تر ده‌كه‌ین، باسی بارودۆخی خۆشمان به
گشتی ده‌كه‌ین، وه‌كو گوتم نه له كوردستانی نوێ، نه له ڕۆژنامه‌كانی
زمانحاڵی پارتی یان ڕۆژنامه‌كانی‌تر نه‌مدیوه نیگه‌ران بن .
یه‌كێتی‌و
پارتی باس له گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، پێتان وایه كه‌مبوونه‌وه‌ی
وه‌زاره‌ته‌كان كار له كه‌مبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌كات؟
مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كه له هه‌موو جیهان هه‌یه، به
تایبه‌تی له‌م ووڵاتانه‌ی كه تازه ڕزگاربوون، گه‌نده‌ڵی له
سه‌رتاسه‌ری عێراق هه‌یه‌و له كوردستانیش هه‌یه، كه‌م كردنه‌وه‌ی
وه‌زاره‌ت یان زیادكردنی له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌وه نییه گه‌نده‌ڵی كه‌م
بێته‌وه یان زیاد بێ، به‌ڵام چڕ كردنه‌وه‌ی له ڕاستیدا ئاسانتره، وه
كاراتر ده‌بێت‌و خزمه‌تگوزاری باشتر پێشكه‌ش ده‌كرێت، به‌رنامه‌كانی چڕتر
ده‌كرێته‌وه به‌ڵام بۆ مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌یئه‌تێك پێكهاتووه،
بڕیاریش هه‌یه له سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی . سه‌رۆكی هه‌رێم‌و
جێگره‌كه‌یی‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌یی‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و
جێگره‌كه‌ی، كه به‌گژ گه‌نده‌ڵیدا بچنه‌وه .
زۆربه‌ی بڕیاره‌كان له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبی
ده‌سه‌ڵاتدار ده‌رده‌چێت، ئینجا ده‌چێته په‌رله‌مان‌و قسه‌ی له‌سه‌ر
ده‌كرێت، ئه‌وه بیستراوه له كۆبوونه‌وه‌ی نێوانتان بڕیاره‌كان
ده‌درێت‌و كۆتایی پێدێت؟
حیزب به‌شدار ده‌بێت، بۆ به‌شداری له ده‌سه‌ڵات، هه‌ر حیزبه‌و
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌نده‌یه كه چه‌ند كورسی هه‌یه له په‌رله‌مان، له
په‌رله‌مان شتێك هه‌یه پێی ده‌ڵێن (فراكسیۆن)، ئه‌و كوتله‌یه كوتله‌ی
حیزبه‌كانه له په‌رله‌مان، وه ووشه‌ی په‌رله‌مان واته قسه كردن،
ئه‌گه‌ر له په‌رله‌مان حیزبه‌كان قسه نه‌كه‌ن له كوێ قسه بكه‌ن ؟ كه
حیزبه‌كان نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانه، وه ئه‌و حیزبانه له ئه‌سڵدا كه
خۆیان پاڵاوتووه‌و ده‌نگی بۆ دراوه به خه‌ڵكیان گوتووه ئه‌وه
به‌رله‌مانه، ئه‌وه ده‌كه‌ین بۆتان هه‌ر كه‌سه‌و به‌رنامه‌ی خۆی
هه‌یه، به‌ڵام كه فراكسیۆنی جیا جیا له په‌رله‌مان بوو، بۆیه هه‌ر
فراكسیۆنێك بۆچوونی خۆی هه‌یه، بۆ نموونه فراكسیۆنی سه‌وز، بڕوای به
زیادكردنی مووچه هه‌یه له‌به‌ر گرانی‌و بارودۆخ، ده‌گه‌ڕێ بۆ ئه‌و
خاڵه‌ی كه بڕوای پێیه‌تی، داوا ده‌كات له په‌رله‌مان ده‌نگ بێنێ،
بۆیه بڵێی‌و نه‌ڵێی هه‌موو بابه‌ت گیریه‌ك له په‌رله‌مان حیزبه‌كانن،
به‌ڵام حیزبێك ئه‌كسه‌ریه‌تی هه‌یه، حیزبێك ئه‌قه‌للیه‌تی هه‌یه، دوو
حیزب ئه‌كسه‌ریه‌ت‌و ئه‌وانی‌تر كه‌مینه‌ن، ئه‌وه بابه‌تێكی‌تره . بۆیه
من پێم سه‌یره هه‌تا ئێوه كه ڕۆژنامه نووسن، حیزبه‌كان پێشتر
موناقه‌شه ده‌كات، فراكسیۆنی یه‌كێتی له په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌موو
حیزبه‌كان قسه ده‌كات، به‌ڵام بۆ ته‌عبیری زۆرینه‌یه‌ك ڕه‌ها فراكسیۆنی
پارتی له‌وانی‌تر زۆرتره، بۆیه له‌گه‌ڵ پارتی قسه ده‌كات، پاش
یه‌كێتی‌و پارتی ئینجا فراكسیۆنه‌كانی‌تر، به یه‌ك ده‌نگ‌و دوو ده‌نگ
زۆرینه زامن نابێ، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌فاهومێك هه‌بوو له نیوان فراكسیۆنه‌كان
ئه‌وه به یه‌ك ده‌نگ بڕیاره‌كه ده‌ده‌ن، ئه‌و خوشك‌و برایانه‌ی كه له
په‌رله‌مانن كه‌س وه‌كو شه‌خص خۆی هه‌ڵنه‌بژاردووه، تا بڵێی من قیاده‌ی
ته‌نهام خۆم قسه ده‌كه‌م، هه‌یه چه‌ند كه‌سێك هه‌یه ده‌ڵێ من مسته‌قیلم،
ئایا له‌سه‌ر یه‌كێك له لیسته‌كان نه‌بوایه، یان له‌سه‌ر لیستی
هاوپه‌یمانی كوردستان نه‌بوایه ده‌چووه په‌رله‌مان؟ من پێم وایه بۆ
حیزبه‌كان زۆر ئاساییه له هه‌موو دونیا وایه زۆر ئاساییه یه‌كێك له‌و
بڕیارانه ته‌فاهومێك هه‌بێت له نێوان فراكسیۆنه‌كان . وه ئه‌و
ته‌فاهومه له‌ناو په‌رله‌مان ده‌كرێته لائیحه پێشكه‌شی په‌رله‌مان
ده‌كرێ، ئینجا قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كرێ، جارێكی تر دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه
هه‌ر كه‌سێك له په‌رله‌مان خۆی پاڵاوتبێ‌و خۆی ده‌رچووبێ، هه‌موو
ده‌نگی حیزبه‌كانه له‌سه‌ر لیستی حیزبه‌كان ده‌رچووه، بۆیه من پێم
سه‌یره كه له‌لایه‌ن ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ڵێن پارتی‌و یه‌كێتی ڕێككه‌وتن،
ئه‌وه زۆر ئاساییه ئه‌و فراكسیۆنانه به یه‌كه‌وه گفت‌وگۆ ده‌كه‌ن، ئه‌و
حیزبانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانن له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌نگیان
نه‌هێناوه، ئه‌وانیش هه‌قیان هه‌یه له ڕێگای سه‌ردانی سه‌رۆكی
په‌رله‌مان یان بۆ به‌شداری كردن له گفت‌وگۆ كردن زۆرجاریش له
په‌رله‌مان ده‌بینین موناقه‌شه‌كان به ڕاشكاوی له شاشه‌كان
ده‌گوازرێته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌شێكه له سیسته‌می په‌رله‌مان ده‌یه‌وێ
خه‌ڵك ببه‌ستێته‌وه كه په‌رله‌مان باسی چی ده‌كات .
ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌یه كه له كاتی
په‌سه‌ندكردنی یاساكان، لیستی (سه‌وزو زه‌رد) به یه‌كه‌وه ده‌ست
هه‌ڵده‌بڕن، ئه‌وه‌ش ڕه‌خنه‌ی په‌رله‌مانتارێكه، كه ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی
گرت له سه‌رۆكی په‌رله‌مان ؟
زۆر ئاساییه، به یه‌كه‌وه حكومه‌تین، لائیحه‌ی بودجه له حكومه‌ته‌وه
دێت، كه‌واته حكومه‌ت ده‌بینرێ، یان ده‌بێت بیست كه‌س له ئه‌ندامانی
په‌رله‌مان ئیمزا بكه‌ن له‌سه‌ری، ئه‌وه ده‌بێته لائیحه، یان
ژماره‌یه‌كی زۆر ئیمزا كۆ كراوه‌ته‌وه‌و بڕیاری له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵام
كه بودجه‌یه‌ك له حكومه‌ت ده‌نێردرێ، ئه‌وه موافه‌قه‌ی له‌سه‌ر كراوه،
پارتی‌و یه‌كێتی به فراكسیۆنه‌كه‌ی خۆی گوتووه، بۆیه ئه‌گه‌ر یه‌كێك
ناڕازیه هیچ له مه‌سه‌له‌كان ناگۆڕێ، چونكه له ئه‌سڵدا خاوه‌نی
بودجه‌و حكومه‌تین، حكومه‌تیش پارتی‌و یه‌كێتیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر
ناهاوسه‌نگیه‌ك هه‌بێ، پێویست به وه‌زیری په‌یوه‌ندیدار هه‌بێ، وه‌كو
ئاخر جار ده‌نگی له‌سه‌ردا، ڕه‌نگه نیوه‌ی له كوتله‌ی یه‌كێتی، نیوه
له كوتله‌ی پارتی ده‌نگ له دژ ئه‌و مه‌وزوعه بده‌ن، وه ڕه‌نگه
ته‌فصیلاتی زیاتر ده‌كه‌ن .
یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان به‌كوێ
گه‌یشتووه؟
وا خه‌ریكین و به‌رده‌وامه .
باس له ته‌وه‌رێكی‌تر بكه‌ین، په‌یوه‌ندی
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی‌و یه‌كێتی ماوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیه‌كی ئاڵۆز بوو،
به‌ڵام به‌م دواییه ئاسایی بووه‌و لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا له هه‌ردوولا،
زیاتر ڕوونكردنه‌وه‌مان پێ بده له‌سه‌ر ئه‌و لیژنانه‌و هه‌ماهه‌نگی
نێوانتان؟
بۆ نێوانی یه‌كێتی‌و بزووتنه‌وه ئاڵۆزه؟ كه‌ی ئاڵۆز بووه ؟
ماوه‌یه‌كی زۆر بودجه‌تان بڕی‌و پچڕا؟
ئێمه بودجه ناده‌ین به بزووتنه‌وه، كه‌س بودجه به بزووتنه‌وه نادات،
حكومه‌ت بودجه به بزووتنه‌وه ده‌دات، بزووتنه‌وه كۆتایی پێ
نه‌هاتووه، كاری خۆی ده‌كات، كارایه، به‌ڵام له په‌رله‌مان ده‌نگی
دیار نه‌بووه یان ئیشكالێك هه‌یه له شێوه‌ی دابه‌شكردن، ئه‌و كێشه‌یه
له‌گه‌ڵ حكومه‌ته، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نییه، چونكه ئێستا یه‌كێتی پاره
به حیزبه‌كان نادات، حكومه‌ت پاره ده‌دات، ئه‌گه‌ر پارتی‌و یه‌كێتی
بیانه‌وێت كۆمه‌كی بزووتنه‌وه بكه‌ن، ئه‌وه له لاپه‌ڕه‌یه‌كی‌تر
نووسراوه په‌یوه‌ندی به یاسا نییه .
پێش ئه‌وه پێنج ساڵ بودجه له بزووتنه‌وه بڕا،
له كاتێكدا ئێوه ڕێككه‌وتنتان هه‌بووه ؟
ڕێككه‌وتن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ڕێككه‌وتنه شه‌ڕی تێكه‌وتووه‌و كۆتایی
دێت، به‌ڵام به گشتی سیسته‌مێكی تازه هاتووه، پاش ڕووخانی ڕژێمی
به‌عس له ساڵی 2003، وه ئه‌و حیزبانه‌ی ئه‌كتیڤن له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی
كوردستان، چه‌ك هه‌ڵناگرن، خۆیان به حكومه‌تێكی تر نازانن، بڕوایان به
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ئینجا له كاتی دابه‌شبوون یان
دابه‌ش نه‌بوون، ئه‌وه بودجه وه‌رده‌گرن . یان ئه‌و حیزبانه‌ی كه
هه‌وڵیان داوه له هه‌ردوو ئیداره وه‌ربگرن لێره‌و له‌وێ، ئه‌وه ته‌نزیم
كراوه له هه‌ردوو ئیداره وه‌رنه‌گرن جا ئه‌وه ڕه‌نگه هه‌ندێجار
په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوێستی سیاسی ئه‌و حیزبانه‌وه هه‌بێ، به‌ڵام له پاش
ڕووخانی به‌عس هه‌ر حیزب‌و گروپێك دروست بێ، ئێمه لاریمان نه‌بووه‌و
موخالفیش نه‌بووین، ڕۆژێك له ڕۆژان له ڕاگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتی ڕامان
نه‌گه‌یاندووه كه ئێمه له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه ئاڵۆزین‌و یان ناخۆشیه‌ك
هه‌یه، ڕه‌نگه ته‌فاهومێك هه‌بێت له‌و به‌ڕێزانه‌ی كه لێپرسراون له
په‌یوه‌ندی ڕێكخستنی كۆبوونه‌وه‌كان فه‌رمووی با ده‌ست پێبكه‌ن له‌گه‌ڵ
یه‌كێتی بۆ یه‌كتر بینین‌و كۆبوونه‌وه، وه ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ باسك
چالاك بكه‌ن یان چالاك نه‌كه‌ن، ئه‌وه مه‌وزوعی باسك خۆیه‌تی، ئه‌وه
په‌یوه‌ندی به ئێمه‌وه نیه‌و ئێمه ڕێ ناگرین له‌وه‌ی كه بزووتنه‌وه
كۆمه‌ك بكرێ یان نا!
لاوازی له په‌یوه‌ندیه‌كان دیار
بوو؟
ڕه‌نگه ڕه‌غبه‌تێك له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه نه‌بێت یان ئه‌و سه‌رقاڵیه‌ی
كه له مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی هه‌یه، جیاوازی هه‌یه له
مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌ڵام پیاوێكی موحته‌ره‌می
وه‌كو كامیل حاجی عه‌لی بۆ هه‌ر كوێ هاتبێ ئێمه ڕێزمان لێ گرتووه وه‌كو
شه‌خص‌و وه‌كو بزووتنه‌وه‌ش .
بێ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر
كێشه‌كانی گه‌لی كورد، به‌م دواییه كرانه‌وه‌یه‌ك به‌ره‌و حكومه‌تی
عێراق دیار بوو، بۆ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك له كێشه‌ی كورد به گشتی
؟
حكومه‌تی عێراق كێیه ؟
حكومه‌تی مالیكی ؟
حكومه‌تی عێراقی موڵكی مالیكی نییه، به‌ڵكو حكومه‌تی كورد‌و شیعه‌و
سووننه‌و عه‌ره‌به، واته حكومه‌تێك نیه جیا له كورد، تا بڵێین
حكومه‌تی عێراق و ئێمه، خراپه گه‌نجی كورد وا ته‌سه‌ور بكات،
حكومه‌تێك له به‌غدایه ئێمه‌ش له‌و شاخانه قه‌تیس ماوین، ده‌ستمان پان
كردۆته‌وه شتێك وه‌ربگرین، حكومه‌ت ئێمه‌ین ،عێراق له كورد موسته‌هه‌ق
تری تێدا نییه حوكمڕانی بكات له شیعه‌و سوننه، ئیجتیهاداتی
موخته‌لیفه له‌سه‌ر شێوه‌ی جێبه‌جێ كردنی هه‌ندێ ئه‌رك‌و ماف، ئه‌وه
له ڕێگای لێكۆڵینه‌وه‌و گفت وگۆ ده‌بێت، وه‌كو به‌م زوانه سه‌رۆكی
حكومه‌تی هه‌رێم چووه به‌غدا بۆ گفت‌وگۆ كردن بۆ ئه‌و پرسه
هه‌ڵواسراوانه‌و، به‌شێكی چاره‌سه‌ر كراوه‌و به‌شێكی له ڕێگای
چاره‌سه‌ر نه‌كراوه ،من پێم وایه ئه‌و پرسیاره ڕاست نابێ، كه حكومه‌تی
عێراق هیچ بۆ كورد ناكات شتی وا نییه، وه ده‌مێنێته‌وه له‌وێ به
هه‌ڵه تێگه‌یشتنێك هه‌یه ئه‌وه چاك بكرێته‌وه له ڕێگه‌ی گفت‌وگۆ
ده‌بێت، به نیسبه‌ت مادده‌ی (140) ماده‌یه‌كی ده‌ستووریه‌و كه‌س ناتوانێ
نكۆڵی لێ بكات، وه له كاتی خۆی نه‌توانرا جێبه‌جێ بكرێ، له‌به‌ر گه‌لێ
هۆ، به‌شێكی سیاسی‌و هه‌رێمی بووه، ئێستا به ده‌وڵه‌تی كراوه
له‌لایه‌ن (un) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ، وه ئومێد ده‌كه‌ین له ماوه‌یه‌كی
نزیك به هه‌نگاوی جیا جیا ده‌ستپێ بكرێت، هه‌مووی له ماوه‌ی شه‌ش
مانگ باوه‌ڕ ناكه‌م جێبه‌جێ بكریێت .
سیاسه‌تخوازان‌و هه‌ندێ له سه‌ركردایه‌تی
حیزبه‌كانیش باسیان له‌وه كرد كاتێك مادده‌ی 140 به نێو ده‌وڵه‌تی
بكرێت خه‌ته‌رێكی گه‌وره بۆ كورد دروست ده‌كات، ئه‌و بۆچوونه‌ش زۆر ڕاست
بوو؟ به‌ڵام ماده‌ی 140 كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی بوو به‌ڵام توركیا ئێران‌و
له‌سه‌روشیانه‌وه ئه‌مه‌ریكا خۆی لێ هه‌ڵده‌قورتێنێ له‌و ماده‌یه؟
باشه. تۆ جوگرافیت پێ ده‌گۆڕێت.
نه‌خێر،به‌ڵام هه‌ندێك جار سیاسه‌ت ده‌یگۆڕێت ؟
ئه‌زانم به‌ڵام چی بكه‌ین توركیا دراوسێمانه، خانوومان به كرێ نیه
كه‌سمان ناگوازینه‌وه، ئێرانیش جیرانه ئه‌و ووڵاتانه بخوازین یان نا
كاریگه‌رییان هه‌یه، به تایبه‌تی له حاڵه‌تێكی بارودۆخی عێراق پشێوی
تێدایه، ئه‌وه مادده‌یه‌كی ده‌ستووریه، به‌ڵام مادده‌ی ده‌ستووری
ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ نه‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌رز، ئه‌و ناوچانه حاڵی
حازر ئیداره‌ی كوردین، به‌ڵام كێشه‌مان ئیداره نییه كێشه‌مان به
ده‌ستووری كردنه، مادده‌یه‌كی سه‌رنج هه‌یه جێگای خۆی گرتووه،
ئێمه‌ی كورد نابێ ڕێگه بده‌ین چونكه شه‌ڕی ڕابردوومان له‌سه‌ر هه‌ولێرو
سلێمانی‌و دهۆك نه‌بووه، به‌ڵكو له‌سه‌ر كه‌ركوك بووه، بۆیه كه‌ركوك
مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه‌و به‌ستراوه به چه‌ند بابه‌تێك له‌وانه نه‌وت زۆر
كه‌س پێی وایه كورد داوای كه‌ركوك ده‌كات چونكه نه‌وتی تێدایه، نه‌وت
ببێته بنكه‌یه‌كی ئابووری، قانوونی نه‌وت ته‌واو بێت كه هی
هه‌مووانه ئه‌و كاته كه نه‌وت سه‌ربه‌خۆیی خۆی هه‌بوو، ئه‌و كاته
مه‌وزوعی كه‌ركوك له نه‌وت ته‌سجیل كرا، ئه‌و ناوچانه‌ی به زۆر ته‌عریب
كرا دوو ناوچه‌مان هه‌یه كه ناوچه‌ی (نه‌رم)و (ڕه‌قه) ئه‌و
جێگایانه‌ی كه زۆرینه‌ی كورده له ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی 2005 پێی
ده‌گوترێت ناوچه‌ی (نه‌رم) من پێم وایه ئه‌وه باشه كه هه‌نگاوبه
هه‌نگاو جێبه‌جێ بكرێت، ته‌ئكید گفت‌وگۆ له‌گه‌ڵ ووڵاتانی دراوسێ،
خۆشكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان كوردستانی عێراق‌و ئێران‌و توركیا‌و
سوریا، گه‌رمتر بكرێت وه قسه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بكرێ چونكه ئه‌و
ووڵاتانه‌و هه‌ركه‌سێك بیه‌وێ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد باش بێ، ده‌بێت
تێگه‌یشتنێكی هه‌بێ بۆ كێشه‌كانی كورد .
له كاتی هێرشی ده‌ره‌كی، هه‌رێمی كوردستان
پشت به كێ ده‌به‌ستێت ؟
مه‌سه‌له‌ی سنوور مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌ركه‌زییه، له عێراقی فیدڕال .
ئه‌گه‌ر به‌زاندی ؟
سنوور سه‌لاحیاتی حكومه‌تی عێراقه، ئێمه به‌شێكین له عێراق ئه‌گه‌ر
به‌شێك نین ئه‌وه خۆمان ده‌یپارێزین، حكومه‌تی عێراق وه‌زاره‌تی
به‌رگری، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، به هاوكاری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم
لێپرسراوه له سنوره‌كان، وه له هه‌مانكاتیشدا ئه‌مڕۆ هێزی
هاوپه‌یمانان له عێراق هه‌یه، به‌رپرسیارێتیان هه‌یه به‌رامبه‌ر به
عێراق، كه بارودۆخی ئه‌منی ناو عێراق‌و ده‌ره‌وه هێرش بكرێت ده‌بێت
هه‌ڵوێتسیان هه‌بێت .
هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا بۆ
توركیا چۆن بوو ؟
له دونیا ته‌نها ڕه‌ش‌و سپی نییه، ڕه‌نگه‌كانی‌تریش هه‌یه، بۆیه
ده‌بێت ئه‌وه له چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی بێ، گڵۆپی سه‌وز تا كوێ؟ گڵۆپی
زه‌رد تا كوێ؟ گڵۆپی سوور تا كوێ ؟
|