|
دوای ماوه‌یه‌ك دابڕانیان له‌مه‌راسیم و ڤیستیڤاڵه‌كان:
ئه‌م ساڵ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان یادی كیمیابارانی شاره‌كه‌یان كرده‌وه
كامیل مه‌حمود
بیست ساڵ به‌سه‌ر تاوانی ترسناكی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا تێپه‌ریوه‌و
له 16/3/1988ی سه‌ده‌ی رابردوودا رژێمی سه‌دام گه‌وره‌ترین تاوانی
به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ئه‌م شاره ئه‌نجام دا‌و له‌ماوه‌ی چه‌ند
سه‌عاتێكی كه‌مدا نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كه‌سی بێتاوانی شه‌هید كرد‌و
چه‌ند به‌رامبه‌ری ئه‌و ژماره‌یه‌ش برینداو كه‌مئه‌ندامی لێ كه‌وته‌وه،
شوێنه‌واری ئه‌و ژه‌هره پیسه‌ش تا ئێستا به‌سه‌ر جه‌سته‌ی زۆرێك
له‌هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كانه‌وه ماوه، سه‌دامییه‌كان له‌و شاره‌دا دۆزه‌خێكیان
خوڵقاند كه ته‌نها مه‌گه‌ر له‌و رژێمه بێ به‌زه‌ییه بووه‌شێته‌وه.
وه‌ك هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ك هه‌رگیز ئه‌و رۆژه شوومه‌ی مانگی ئازاری ئه‌و
ساڵه‌م بیر ناچێته‌وه كاتێك خه‌ڵكی به‌ناو كووچه‌و كۆڵانه‌كاندا هاواریان
ده‌كردو ده‌یانوت كیمیاوییه وه‌رنه ده‌ره‌وه، خه‌ڵكینه راكه‌ن شار
وێران كرا‌و ژێرزه‌مین دادی كه‌س نادات و هه‌ڵه‌بجه له‌ناو ژه‌هرو
دوكه‌ڵدا نغرۆ بووه.. یه‌كێك بووم له‌و كه‌سانه‌ی باوه‌رم نه‌ده‌كردو
ده‌موت خه‌ڵكی ترساوه‌و ته‌نها بۆمبارانێكی قورسه‌و ئه‌وه‌ی به‌ختی
هه‌بێت ده‌رده‌چێت، وای بۆ نه‌ده‌چووم كه‌دڵره‌قی رژێمێكی ده‌سه‌ڵاتدار
بگاته ئه‌و ئاسته‌ی گه‌له‌كه‌ی خۆی به‌و شێوه‌یه قه‌تڵ و عام بكات،
به‌ڵام دواتر بۆ هه‌موو لایه‌كمان ده‌ركه‌وت كه هه‌ڵه‌بجه له‌ئه‌جێندای
حكومه‌تی به‌عسدا بریاری شه‌هیدكردنی دراوه‌و ئه‌و رژێمه ده‌یه‌وێت
به‌یه‌كجاری له‌سه‌ر نه‌خشه بیسرێته‌وه.
بۆ رۆژی دواتر ده‌ركه‌وت هه‌زاران كه‌سی بێ‌تاوان شه‌هید كراون و ئه‌وه‌ی
له‌ده‌ستی سووپای به‌عس هاتبێت درێغی نه‌كردووه، بۆ هه‌موو لایه‌ك
ده‌ركه‌وت كه ئه‌م تاوانه زۆر زووتر نه‌خشه‌ی بۆ دانراوه‌و له‌دایكبووی
ئه‌و رۆژانه‌و ده‌رهاوێشته‌ی په‌لاماره سه‌ربازییه‌كه‌ی سووپای ئێران
نه‌بووه بۆ سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و ناوچه‌كه، رژێمی سه‌دام و بگره رژێمه
یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق له‌هه‌موو كاتێكدا به‌چاوی دوژمنایه‌تی
و نه‌یارییه‌وه له‌هه‌ڵه‌بجه‌یان رووانیوه، ترۆپكی ئه‌و رق و كینه‌یه‌ش
به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی ئه‌م شاره له‌سه‌رده‌می به‌عس و ده‌سه‌ڵاتی
سه‌دامدا به‌ته‌واوی به‌ده‌ر كه‌وت، كه‌ساڵێك پێش كاره‌ساتی كیمیابارانیش
هه‌ڵه‌بجه كه‌وته به‌ر په‌لاماره هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌عس و
پۆلێك له‌پیرو لاوی هه‌ڵه‌بجه‌یان ده‌سگیر كرد‌و پاشان به‌بریاری عه‌لی
حه‌سه‌ن مه‌جیدی تاوانبار زینده‌به‌چاڵ كران.
هه‌ر به‌هاتنه سه‌ر كاری ئه‌و رژێمه، پلان و پیلان كه‌وته كار بۆ
تۆقاندنی هه‌ڵه‌بجه‌و پاشان له‌نێو بردنی، هه‌وڵه‌كانی به‌عس بۆ ئه‌وه
بوو كه چۆن ئه‌م كۆسپه گه‌وره‌یه له‌به‌رده‌م سیاسه‌ته‌كانیدا لابدات و
ئه‌و ده‌نگه بڵنده‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان دژی ئاره‌زووی شه‌ره‌نگێزانه‌ی
سه‌رانی ئه‌و رژێمه كپ بكرێته‌وه، بۆیه له فرسه‌ت و بارودۆخێكی
گونجاو ده‌گه‌ران ئه‌و پیلانه به‌ئاكام بگه‌یه‌نن و له16/3دا بۆیان هاته
پێش.
مانگی ئازار بۆ كورد‌و خه‌ڵكی شۆرشگێری هه‌ڵه‌بجه پر له‌خوێن و ئازار
بوو، به‌ڵام قه‌ده‌ر ئه‌و حه‌ق ومافه‌ی به‌ژێره‌وه نه‌كردو هه‌ر
له‌مانگی ئازاردا گه‌لی كورد‌و كه‌سوكاری شه‌هیدانی كوردستان تاڵاوی
مه‌رگیان به‌گه‌رووی به‌عسییه‌كاندا كرد‌و له‌راپه‌رینه شكۆداره
جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی به‌هاری 1991دا به‌شێكی زۆری كوردستان له‌و رژێمه
پك كرایه‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار كورد هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵمژی و رۆحی
شه‌هیده‌كانی به‌و گۆران و وه‌رچه‌رخانه مێژووییه ئاسووده بوو،
له‌دوای ئازادكردنی شاری سلێمانی و ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی و له‌گه‌ڵیدا
هه‌ڵه‌بجه، خه‌ڵكی ئه‌م شاره له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه روویان كرده‌وه
ناوچه‌كه‌یان و كه‌لاوه رووخاوه‌كانی هه‌ڵبجه‌یان كرده‌وه به‌ماڵی
خۆیان و له‌نزیك شه‌هیده‌كانیانه‌وه ئۆخه‌یان به‌جه‌سته‌و ده‌روونی
ماندوویان دایه‌وه.
له‌و كاته‌وه تا ئێستا هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان شه‌ر له‌گه‌ڵ مه‌حاڵدا ده‌كه‌ن و
به‌ده‌ست و بازووی ماندوویان شاره‌كه‌یان بنیات ده‌نێنه‌وه‌و ئێشك له‌گه‌ڵ
چاوه‌روانیدا ده‌گرن، چاوه‌روانی ئه‌و رۆژه‌ی كه هه‌ڵه‌بجه به‌ر
شاڵاوێكی خزمه‌تگوزاری بكه‌وێت زیاتر له‌و شاڵاوه وێرانكارییه‌ی
به‌عسییه‌كان له‌دژی ئه‌نجامیان دا، چاوه‌روانی رۆژێك ده‌كه‌ن كه زامه
سارێژنه‌كراوه‌كان به‌سیمای شاره‌كه‌یانه‌وه نه‌مێنێت و هه‌ڵه‌بجه
ببێته‌وه به‌شاره‌كه‌ی جاران.
بیست ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌داو حه‌ڤده ساڵ به‌سه‌ر راپه‌رینی
ئازادی و زیاتر له‌شانزه ساڵ به‌سه‌ر په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی
خۆماڵی كوردیدا تێپه‌ریوه‌و چوار ساڵیشه رژێمی به‌عس رووخاوه‌و تا
ئێستاش هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ده‌یان پرسیاریان ماوه‌و كه‌س وه‌ڵامیان
ناداته‌وه، له‌م ماوه دوور‌و درێژه‌داو دوای ئه‌و هه‌موو گۆرانكاریانه
هێشتا له‌سه‌ر سنگی هه‌ڵه‌بجه سه‌دان كه‌لاوه‌ی رووخا‌و به‌دی ده‌كرێت و
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی تریش كه‌به‌پێوه ماون و ده‌ستی چاككردنه‌وه‌یان پێ
نه‌گه‌یشتووه ته‌نها له‌كه‌لاوه باشترن. بێكاری و هه‌ژاری خه‌ڵك و
بێنازی منداڵان و بێبه‌شبوونیان له‌شوێنی یاری به‌شێكی تره
له‌مه‌ینه‌تییه‌كانی هاوڵاتیانی ئه‌م شاره، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كرد دوای
چه‌ند ڤیستیڤاڵێك له‌یادی كیمیابارانی شاره‌كه‌یاندا رایان بێته سه‌ر
ئه‌وه‌ی كه ته‌نها له16/3دا ئه‌م شاره‌ده‌كه‌وێته‌وه یادی به‌رپرسان و
ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد‌و ناوه‌رۆكی ئه‌و یادو ڤیستیڤاڵانه‌ش ئه‌نجام
ده‌درێن ته‌نها دروشم و به‌ڵێنی بێ كرده‌وه‌و مزایه‌ده‌ی سیاسی
لایه‌نه‌كانه، بۆیه بریاری راگرتنی هه‌موو ڤیستیڤاڵ و بۆنه‌یه‌كی
مه‌راسیم ئامێزیان له‌و رۆژه‌دا دا، تا ئه‌و كاته‌ی قسه ده‌بێته
كرده‌وه‌و ده‌ستی ئاوه‌دانی ده‌گاته هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌م بایكۆتكارییه‌شتا
چه‌ند ساڵێكه درێژه‌ی هه‌یه، به‌وه‌ش ره‌وشه‌كه نه‌گۆراو
كه‌مته‌رخه‌مییه‌كان درێژه‌ی هه‌بوو، ناره‌زایه‌تی خه‌ڵكی له‌هه‌ندێ
كاتدا رووداوی نه‌خوازراویشی لێ ده‌كه‌وته‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی
له16/3/2006دا تووره‌یی خه‌ڵك گه‌یشته ئاستێك كه ره‌مزی شه‌هیده‌كانی
خۆیان بسووتێنن و به‌وه گوزارشت بكه‌ن له‌و بێباكییه‌ی ده‌سه‌ڵاتی
كوردی به‌رامبه‌ر به مه‌ینه‌تییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه . هه‌موو ئه‌مانه
وای كرد له‌ساڵی رابردووه‌وه حكومه‌تی هرێمی كوردستان هه‌ندێ
پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بێنێته ناوچه‌كه‌و ده‌ست به‌چاككردنی
رێگاوبانه‌كانی ئه‌م شاره بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌ر چه‌نده وه‌كو پێویست
نییه‌و له‌به‌رامبه‌ر ساڵانێكی زۆری كه‌مته‌رخه‌مییه‌كاندا شتێكی
كه‌مه، به‌ڵام هه‌ڵبجه‌ییه‌كان به ئه‌وه‌نده‌ش دڵخۆشن و له‌و هیچه
به‌باشتری ده‌زانن كه سالانێكه به‌رپرسانی كوردستان له‌م شاره‌دا
موماره‌سه‌ی ده‌كه‌ن.
ئه‌م ساڵ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌و كه‌س و كاری شه‌هیدان رێگر نه‌بوون
له‌به‌رده‌م مه‌راسیمی یادكردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌داو ئه‌م رێنه‌گرتنه‌ش
په‌یامێكی جه‌ماوه‌ری بوو بۆ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان كه
ئه‌زموونی ساڵانی رابردوو ده‌رهاوێشته‌ی هه‌ڵه‌و كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی
ئه‌وان بوو به‌رامبه‌ر به‌م شاره. ئێستاش كه‌ده‌سپێكی كار بۆ هه‌ڵه‌بجه
ده‌ستی پێكردووه، خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ش یادی كاره‌ساته‌كه ده‌كه‌نه‌وه،
چونكه ناكرێت له‌ناو كاره‌ساتدا یادی كاره‌سات بكرێته‌وه.
ئه‌مساڵ جیا له‌ساڵانی تر یادی هه‌ڵه‌بجه ده‌كرێته‌وه‌و جارێكی تر
مه‌راسیمی یاده‌كه به‌جه‌ماوه‌ریی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ئه‌وه
ناگه‌یه‌نێت كه خه‌ڵكی ئه‌م شاره هیچ پرسێكیان نه‌مابێت و وه‌ڵامی
هه‌موو خواسته‌كانیان درابێته‌وه، نه‌خێر ئه‌وه‌ی ماوه بكرێت به‌حرێكه
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و دڵۆپه ئاوه‌ی بۆ ئه‌م شاره كراوه، به‌ڵگه‌ی هه‌موو
كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی حكومه‌ت و لایه‌نه به‌رپرسه‌كانی كوردستان له‌و
كۆبوونه‌وه جیهانییه‌ی شاره‌وانییه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه كه
نوێنه‌ری ده‌یان شاره‌وانی دنیا هاتوونه‌ته كوردستان بۆ به‌رز راگرتنی
ئه‌و یاده‌و كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له‌شاری سلێمانی ئه‌نجام ده‌درێت، بۆیه
ده‌بێت بپرسین بۆچی له‌سلێمانی ئه‌نجام ده‌درێت له‌كاتێكدا
كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ته به‌یادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه؟.
لایه‌نه به‌رپرسه‌كانی هه‌ڵه‌بجه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌یان
داوه‌ته‌وه‌و رایانگه‌یاندووه كه هۆكاره‌كه نه‌بوونی هۆڵی
كۆبوونه‌وه‌و شوێنی پشووی میوانه‌كانه، باشه له‌خۆیان ناپرسن بۆچی
له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌دا نه‌توانراوه هۆڵێك بۆ كۆبوونه‌وه‌و
میوانداری له‌هه‌ڵه‌بجه‌دا درووست بكرێت؟ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ك كه جێگا
سه‌رنجی خه‌ڵكی دنیایه‌و باس له‌گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ی ده‌كرێت و
ده‌مانه‌وێت به‌جیهانیی بكه‌ین، چۆن ده‌بێت گه‌وره‌ترین هۆڵی كۆبوونه‌وه
له‌خۆ نه‌گرێت و كار‌و چالاكی تایبه‌ت به كاره‌ساته‌كه‌ی ببرێته
ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه؟.
به‌جیهانیی ناساندنی تراژیدیای هه‌ڵه‌بجه ده‌بێت لێره‌وه ده‌ست پێ
بكات و خۆمان له‌ئاستی گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌دا ره‌فتارو هه‌ڵوێست
بنوێنین، پاشان داوا له خه‌ڵكی جیهان بكه‌ین وه‌ك حه‌قیقه‌تێك جینۆسایدی
خه‌ڵكی كوردستان و شاری هه‌ڵه‌بجه ببینن، ئه‌م شاره شایسته‌یه
به‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌كی یه‌كجاری و جوانكردنی رووخساره
شێواوه‌كه‌ی، چونكه مێژوویه‌كی دوور‌و درێژی هه‌یه له‌خه‌بات و
قوربانیداندا، ئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌م شاره چاوه‌رێی ده‌كه‌ن ته‌نها
ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌و نه‌هێشتنی ئاسه‌واری كاولكارییه
له‌شاره‌كه‌یاندا.
ئه‌م ساڵ هه‌ڵه‌بجه كۆتایی به بایكۆتكردنی مه‌راسیم و یاده‌كانی
شانزه‌ی سێ هێناو ئاوێته‌ی بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی بوویه‌وه‌و ئه‌و
كۆمه‌ڵه كاره خزمه‌تگوزارییه‌ی ساڵی رابردووی حكومه‌ت رۆڵی هه‌بوو
له‌و گۆرانه‌دا، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌هێزكردنی هه‌ستی
ئینتیما لای هاووڵاتی له‌و كاره باشانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه
حكومه‌ت پێشكه‌شیانی ده‌كات و كاتێك هه‌ست به‌جیاكاری و كه‌مته‌رخه‌می و
پیشتگوێخستن بكات، خۆی به‌نامۆ ده‌بینێته‌وه له‌وڵاته‌كه‌ی خۆیداو ئه‌و
هه‌سته لاواز ده‌كات، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه له‌ماوه‌ی ئه‌و
ساڵانه‌ی گله‌یی و ره‌خنه‌كانیشیاندا ئه‌و هه‌سته‌یان كاڵ
نه‌بووه‌ته‌وه‌و ده‌سته‌كانیان له‌بیناكرنه‌وه‌ی شاره‌كه‌یاندا ماندوو
نه‌بوون.
kameelmahmod@yahoo.com
|