|
وێستگه‌ی راپه‌رین و
كۆتایی ئازاره‌كان
كامیل مه‌حمود
له‌به‌رده‌م رۆژه مێژووییه‌كانی مانگی ئازار‌و نه‌ورۆزداین و
گه‌له‌كه‌مان جارێكی تر زاكیره‌ی مێژوویی خۆی ده‌كاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی
خۆشییه‌كانی ئه‌و رۆژانه به‌بیر خۆیدا بێنێته‌وه، كه‌چۆن خه‌ڵك و
پێشمه‌رگه‌و هه‌موو چین و توێژه‌كانی جه‌ماوه‌ر په‌لاماری ده‌زگاو
دامه‌زراوه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی به‌عسیان دا‌و هێرشی پر له‌حه‌ماسیتیشیان
برده سه‌ر مۆڵگه سه‌ربازییه‌كانی ناو كوردستان و له‌ماوه‌ی چه‌ند
رۆژێكی ئه‌م مانگه‌دا جاڕی رزگاری دراو به‌خوێنی گه‌شی كۆمه‌ڵێك
شه‌هیدی سه‌ربه‌رزی ئه‌م وڵاته ئازادی كرایه جوانترین دیاری نه‌ورۆزو
بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر لوتكه سه‌ربه‌رزه‌كانی كوردستان ئاگری سه‌ركه‌وتن
كرایه‌وه.
راپه‌رین گه‌وره‌ترین وه‌رچه‌رخانی له‌مێژووی كورد‌و خه‌باتی
رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا درووست كرد‌و ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی
به‌دوای خۆیدا هێنا، كه دیارترینیان ئه‌زموونی سیاسی خۆماڵی و بریاری
فیدراڵیزم و بنیاتنانی دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كان بوو، راسته هه‌موو
ئه‌وانه تا ئێستاش قۆناغی ته‌واوكاری و گه‌شه‌سه‌ندن و چه‌سپاندنی
به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه‌و له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌زموونی سیاسی
كوردستاندا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هه‌ستیار به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه،
به‌ڵام هه‌ندێك هه‌نگاویش بۆ پێشه‌وه هه‌ڵگیراوه‌و سه‌ره‌تایه‌ك
تێپه‌رێنراوه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌ترسی پاشه‌كشێ و شكست له‌ئارادا نه‌مێنێت.
له‌گه‌ڵ ئه‌و كاڵی و كرچیانه‌شدا كه به‌هه‌نگاوه‌كان و ئه‌دای كاری
سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانیشه‌وه دیاره، به‌ڵام ئه‌وه بۆ كورد
مایه‌ی دڵخۆشییه كه دێوه‌زمه‌ی به‌عس به‌یه‌كجاری له‌نێوچووه‌و
جارێكی تر گه‌له‌كه‌مان رووبه‌رووی جینۆساید‌و تۆقاندن و هه‌وڵه
نه‌زۆكه‌كانی ریشه‌كێشكردن و له‌نێوبردنی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی
نابێته‌وه‌و هیچ لایه‌نێكی نه‌یاری ناوخۆ‌و ده‌وروبه‌ر ناتوانێت میلی
كاتژمێره‌كانمان پێ به‌رێته‌وه دواوه‌و مێژووی تاڵی رابردوومان بۆ
دووباره بكاته‌وه.
ئه‌زموونی راپه‌رینی كوردستان یه‌كێكه له‌و ئه‌زموونه ده‌گمه‌نه
جه‌ماوه‌ریانه‌ی ناوچه‌كه كه بووه‌ته قوتابخانه‌یه‌كی ناوازه بۆ
گه‌لانی ژێرده‌سته‌و ئازادیخواز بۆ فێربوونی وانه‌ی شۆرشگێری و
هه‌ستانه‌وه له‌پێناوی هه‌ره‌سهێنان به تراژیدیای ترس كه‌باڵی به‌سه‌ر
گه‌لانی ناوچه‌كه‌دا كێشاوه، كورد له‌به‌رامبه‌ر بوركانێك له‌ئاگردا
راوه‌ستا كه به‌عس به‌هه‌موو هێزی خۆیه‌وه بۆ خه‌ڵكی عێراق و
به‌تایبه‌تی كوردستانی هه‌ڵگیرساندبوو، به‌ڵام ئه‌و گركانه ترسناكه
خودی سه‌رانی به‌عسی قوت دا‌و جه‌سته‌ی ئه‌و رژێمه‌ی كرده سووتماك،
كوردیش وه‌ك خۆی مایه‌وه‌و دوای ئه‌و هه‌موو مه‌رگه‌ساتانه به‌هۆی
راپه‌رینی ئازاره‌وه هه‌ستایه‌وه‌و ئیراده‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی
كوردستان سه‌ركه‌وت.
حه‌ڤده ساڵ به‌سه‌ر راپه‌رین و پرۆسه‌ی رزگاریدا گوزه‌ری كردووه‌و ئه‌م
ماوه‌یه بۆ كورد پره له‌رووداوی خۆش و ناخۆش و هه‌ڵكشان و داكشان،
به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه گه‌مارۆ دراون به‌ئه‌زموونی نه‌پسان و كۆڵنه‌دان
كه به‌شێكه له‌تایبیه‌تمه‌ندی كه‌سایه‌تی مرۆڤی كوردی و له‌ماوه‌ی
رۆژه‌كانی راپه‌رین و هه‌روه‌ها خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی پێش راپه‌رین و
رزگاریدا له‌كاروانی بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌یدا ره‌نگی
دابوویه‌وه، هه‌ر به‌و خۆراگرییه‌ش له‌دوا وێستگه‌ی خه‌باته‌كه‌یدا
به‌راپه‌رین ئاشنابوو، له‌و راپه‌رینه مێژووییه‌ی مانگی ئازاریشدا
كۆتایی به ئازاره‌كانی هات.
ئه‌و گه‌له مه‌زنه‌ی به‌و راپه‌رینه هه‌ستاو له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵی
پێش راپه‌رینیشدا هه‌زاران رۆڵه‌ی خۆی كرده قوربانیی، شایسته‌یه
به‌وه‌ی رێز له‌خیاری ئازادیخوازانه‌ی بگیرێت و جارێكی تر
به‌ئاراسته‌یه‌كدا نه‌برێت له‌و ده‌ستكه‌وته گه‌ورانه‌ی دوور بخرێته‌وه
كه له‌پێناویاندا خوێنی به‌خشیوه، گه‌لێك به‌و ئیراده پۆڵاینه‌وه
هاتبێته مه‌یدان و بۆ ئازادی خۆی كۆشابێت، ئه‌سته‌مه جارێكی تر بوار
بۆ چه‌وسانه‌وه‌و سته‌مكاری بكاته‌وه‌و جه‌سته‌ی بخاته‌وه ژێر باری
هێزه خۆسه‌پێن و دكتاتۆره‌كان.
له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌زموونی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا هه‌ستی
به‌هه‌موو كه‌م و كورتییه‌كان و ره‌وتی كاری ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان
كردووه، به‌ڵام بۆ زۆربه‌ی ناته‌واوییه‌كان پاساوی هێناوه‌ته‌وه‌و
بواری بۆ چاكسازی و به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م ئه‌زموونه ره‌خساندووه،
چونكه خۆی به‌سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته زانیوه به‌و حوكمه‌ی
رۆڵه‌كانی خۆی به‌رێوه‌ی ده‌به‌ن، به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌م پشوودرێژییه
له‌حاڵه‌تی چه‌سپاوی خۆیدا بمێنێته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی له
ئه‌زموونه‌كه‌ی كوردستاندا تێبینی له‌سه‌ره چاك نه‌كرێت و گۆرانی
به‌سه‌ردا نه‌هێنرێت، گه‌ل كانگای راپه‌رینه‌و ده‌بێت هه‌موو
ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرن كه راپه‌رین ده‌رهاوێشته‌ی
تووره‌یی جه‌ماوه‌ره له ئه‌نجامی دۆخێك‌دا كه له‌زۆربه‌ی كاته‌كاندا
حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ره‌سمی وڵات به به‌رپرسیار ده‌زانێت
له‌خوڵقاندنیدا.
كورد به‌راپه‌رینی ئازاری 1991 زه‌مینه‌ی بۆ ئایینده‌یه‌ك خۆش كرد كه
بتوانێت له‌هه‌موو كاتێكی تری پێویستدا هه‌ستێته‌وه‌و راپه‌رین ئه‌دا
بكاته‌وه، راپه‌رین به‌و شێوازه جیاوازانه‌ی بارودۆخه‌كان ده‌یسه‌پێنێت،
رۆژگارێك دژی سته‌م و جینۆساید و وێرانكاری شۆرشی به‌رپاكردووه‌و
راپه‌ریوه، ده‌كرێت ئه‌مرۆش دژی گه‌نده‌ڵی و نابه‌رامبه‌ری راپه‌رێت،
كه‌رۆڵه‌كانی خۆی لێی به‌رپرسیاره، به‌ڵام راپه‌رینی ئه‌مجاره‌ی
راپه‌رینێكی سپی بێت و هه‌وڵه‌كانی له‌پێناوی چاكسازی و پێشخستنی
ئه‌زموونه‌كه‌یدا بخاته گه‌ڕو تا ئه‌و په‌ری توانای فاكته‌رێكی
یارمه‌تیده‌ربێت له‌پێناوی چاكسازی و تێپه‌راندنی ره‌وشه
گه‌نده‌ڵه‌كه‌دا، ئه‌مه‌ش هاوكاری و ئاماده‌یی حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی
كوردیی ده‌وێت.
له‌یادی راپه‌رینی خه‌ڵكی كوردستان و كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و
ده‌ستكه‌وتی ئازادی‌دا، سڵاو ده‌نێرین بۆ گیانی پاكی ئه‌وانه‌ی خوێنی
خۆیان له‌م پێناوه‌دا به‌خشی و خه‌ونه له‌مێژینه‌كانی ئێمه‌یان
هێنایه‌دی، وره‌و قاره‌مانیه‌تی رۆڵه‌كانی كورد چۆكی به‌دكتاتۆر داداو
ئامانجه‌كانی به‌یه‌كجاری له‌گۆرنا، بژی راپه‌رینی خه‌ڵكی كوردستان،
بژی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لان.
|