|
كێشه‌ی ناوخۆی
سوودان دوای رووداوه‌كانی ئوم دورمان
كامیل مه‌حمود
سوودان وڵاتی فره ره‌نگی نه‌ژادی و
ئایینی و سیاسی ناو كیشوه‌رێكی له‌ناسه‌قامگیره كه ئاوێته‌یه به
ده‌وروبه‌رێك له هاوكێشه‌ی ئاڵۆز‌و ناته‌با، بۆ ده‌یان ساڵ ده‌چێت
له‌به‌رده‌م ته‌نگه‌ژه‌ی ناوخۆ‌و ململانێی نێوان پێكهاته‌كاندا ره‌وشێكی
نائارامی بۆ درووست بووه‌و به‌رده‌وام بارودۆخه‌كه‌ی له‌نێوان ئاڵۆزی و
هێوربوونه‌وه‌یه‌كی كاتیدا ئاڵوگۆر به‌خۆی ده‌كات، كێشه‌ی نێوان
پێكهاته‌كان بریتییه له‌و حاڵه‌تی دابرانه‌ی له‌نێوان خورتوم و
ناوچه‌كاندا درووست بووه كه هه‌ر ناوچه‌یه‌كیش له‌وانه تایبه‌تمه‌ندی
خۆی هه‌یه‌و پێكهاته‌یه‌كی جیاوازی تیادا نیشته‌جێیه، هه‌ر یه‌ك له‌و
پێكهاتانه‌ش ره‌خنه‌یان له‌باكوور یان پایته‌خت ئه‌وه‌یه كه سیاسه‌تی
جیاكارانه پیاده ده‌كات و ناوچه‌كانی تری له‌رووی به‌شداری سیاسی و
خزمه‌تگوزاری و دابه‌شكردنی داهاتی وڵاته‌كه‌وه په‌راوێز خستووه،
به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ی كه دانیشتوانه‌كه‌ی عه‌ره‌ب نین و خاوه‌نی
زمان یان كلتوورێكی تری ئایینی جیاوازن.
سه‌ره‌تای پێكدادان و یاخیبوونی ناوچه‌كانیش له باشووری ئه‌و وڵاته‌وه
ده‌ستی پێ كرد كه سووپای گه‌ل بۆ رزگاری سوودان به‌سه‌رۆكایه‌تی جۆن
گه‌ره‌نگ شه‌ریان له دژی باكوورییه‌كان راگه‌یاندو بۆ ماوه‌یه‌كی دوور‌و
درێژ ئه‌و شه‌رو روبه‌رووبوونه‌وانه له‌نێوان باشوورییه‌كان و
ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی سوودان به‌سه‌رۆكایه‌تی عومه‌ر حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌شیردا
به‌رده‌وام بوو، كه‌دواجار به رێككه‌وتننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر دابه‌شكردنی
ده‌سه‌ڵات له‌نێوان خۆیاندا پێكهاتن و تا راده‌یه‌ك به‌و رێككه‌وتننامه‌یه
بارودۆخی باشوور هێوربوویه‌وه‌و گه‌ره‌نگ بوویه جێگری به‌شیرو دواتر له
رووداوی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره‌كه‌یدا له‌جوبا گیانی سپارد.
هێشتا بارودۆخه‌كه‌ی باشوور ئاسایی نه‌كرابوویه‌وه‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی
نێوان سوپای گه‌ل بۆ رزگاری سوودان و حكومه‌ت به‌ته‌واوی نه‌چووبوویه
قۆناغی جێبه‌جێكردنه‌وه، كێشه‌یه‌كی ئاڵۆزی تر و هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی
باشوور خه‌رتومی خسته‌وه ناو قه‌یرانێكی تری سیاسی و ئه‌منییه‌وه‌و
وڵات دووچاری ته‌نگه‌ژه‌یه‌كی تری ناوخۆ بوویه‌وه، كه ئه‌ویش كێشه‌ی
دارفۆرو پێكدادانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه‌و میلیشیای جه‌نجه‌ویدی سه‌ر
به‌حكومه‌ت بوو كه بوویه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ند بزووتنه‌وه‌یه‌كی
ناوچه‌یی كه له‌و هه‌رێمه‌دا دژی سوپای ئه‌و وڵاته‌و چه‌كداره‌كانی
جه‌نجه‌وید ده‌ست به‌كار بوون.
كێشه‌ی دارفۆر یه‌كێكه له‌كێشه ئاڵۆزه‌كانی ناوچه‌ی عه‌ره‌بی و
كیشوه‌ری ئه‌فریقیا كه تا ئێستا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی
ئه‌فریقیاش نه‌یتوانیوه به‌چاره‌سه‌رێكی كۆتایی بسپێرێت و له‌و رووه‌وه
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چه‌ند بریارێكیان
ده‌رباره‌ی ئه‌و كێشه‌یه ده‌ركردووه‌و زۆربه‌یان له‌لایه‌ن خه‌رتومه‌وه
ره‌ت كراونه‌ته‌وه، له‌وانه ناردنی هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ دارفۆر.
فشاری ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی وای له‌خه‌رتوم كردووه زۆرجار نه‌رمی
بنوێنێت بۆ دانووستان و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دارفۆرییه‌كان و ئه‌و هێزانه‌ی
نوێنه‌رایه‌تی دۆزی ئه‌و هه‌رێمه ده‌كه‌ن، كه دوا خولی دانووستان
رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌بوجای لێكه‌وته‌وه له‌نێوان هه‌ندێ گرووپی
چه‌كداری دارفۆریدا، به‌ڵام رێككه‌وتنی ئه‌بوجا بارودۆخه‌كه‌ی
به‌ئاراسته‌ی هێوربوونه‌وه‌و چاره‌سه‌ردا نه‌بردو دوای ئه‌وه‌ش نائارامی
له‌و ناوچه‌یه‌دا هه‌ر به‌رده‌وام بوو، چونكه دوو هێزی سیاسی و
چه‌كداری سه‌ره‌كی هه‌رێمه‌كه به‌و رێككه‌وتننامه‌یه رازی نه‌بوون و
بایكۆتیان كرد، كه ئه‌وانیش بریتی بوون له‌بزووتنه‌وه‌ی داد‌و یه‌كسانی
به‌سه‌ركردایه‌تی خه‌لیل ئیبراهیم و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی سوودان
كه عه‌بدولواحید نور سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
دوا رووداوی چاوه‌رواننه‌كراو، هێرشی له‌ناكاوی بزووتنه‌وه‌ی داد‌و
یه‌كسانی بوو بۆ سه‌ر خه‌رتومی پایته‌خت و گه‌یشتنی چه‌كداره‌كانی ئه‌و
بزووتنه‌وه‌یه به‌شاری ئوم دورمان و كۆنترۆڵكردنی له‌ماوه‌یه‌كی
كه‌مداو گه‌یشتنی هێزه‌كانیان به ده‌وروبه‌ری پایته‌خت و بگره هه‌ندێ
له‌ناوچه ئاوه‌دانییه‌كانی ناو شاری خه‌رتوم، كه دواتر سه‌ركرده‌ی
بزووتنه‌وه‌ی داد وای راگه‌یاند هێزه‌كانیان له 80% ی پایته‌ختیشیان
داگیر كردووه.
هێرشی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بۆ سه‌ر ئوم دورمان حاڵه‌تێكی له‌ناكاوی
وابوو كه حكومه‌ت و سوپای ئه‌و وڵاته‌ی تووشی شۆك كرد، ئه‌گه‌رچی به
ئه‌ندازه‌ی خێرایی په‌لاماره‌كه‌و گرتنی ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن
یاخیبووه‌كانه‌وه، سوپای حكومه‌تیش به‌خێرایی كاردانه‌وه‌یان نوواندو
چه‌كداره هێشبه‌ره‌كانیان دووچاری شكستێكی گه‌وره كرد كه
به‌شێوه‌یه‌كی نارێكخراو پاشه‌كشێیان كرد‌و هه‌ندێكیان لێ كوژراو
ژماره‌یه‌كیشیان لێ به‌دیل گیراو ئه‌وانی تر هه‌ڵاتن، كه پێده‌چێت
ئه‌وان بۆ شه‌رێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ خه‌رتومدا پلانیان دارشتبێت و
ئامانجه‌كه گرتنی پایته‌خت و رووخاندنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عومه‌ر به‌شیر
بوو بێت، وه‌ك هه‌ندێ له‌چاودێرانی سیاسی بۆی ده‌چن ئه‌وان له‌ناو
پایته‌ختدا هاوكاریان هه‌بووه‌و هاوكاره‌كانیان وه‌كو پێویست
به‌ده‌میانه‌وه نه‌هاتوون.
به‌ده‌ر له‌هه‌ر ئامانجێكی دارفۆرییه‌كان له‌و په‌لاماره‌یاندا،
رووداوه‌كه ئه‌و پرسیاره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه كه بزووتنه‌وه‌یه‌كی
ناوچه‌یی و خاوه‌ن توانای مرۆیی و لۆجستی سنووردار چۆن توانییان
حكومه‌ت و هێزه ئه‌منییه‌كانی سوودان غافڵگیر بكه‌ن و خۆیان بگه‌یه‌ننه
ده‌وروبه‌ری پایته‌خت و ده‌روازه‌ی شاری خه‌رتووم كه ئوم دورمانه به‌و
خێراییه كۆنترۆڵ بكه‌ن، پاشان ئه‌و هه‌موو چه‌ك و ئۆتۆمۆبیل و كه‌ره‌سه
سه‌ربازیانه‌یان له‌كوێ په‌یدا كردبوو كه له‌توانای ئه‌و
بزووتنه‌وه‌یه‌دا نییه بتوانێت به‌خۆرایی په‌یدای بكات. بۆ وه‌ڵامی
ئه‌م پرسیاره حكومه‌تی سوودان راسته‌وخۆ ده‌وڵه‌تی چادی تاوانبار كرد‌و
عومه‌ر حه‌سه‌ن به‌شیری سه‌رۆكی سوودان رووداوه‌كه‌ی به‌هێرشی چاد بۆ
سه‌ر وڵاته‌كه‌ی وه‌سف كرد‌و بریاری بڕینی په‌یوه‌ندییه‌كانی
وڵاته‌كه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تی چاددا راگه‌یاند.
ئه‌گه‌ر خه‌رتوم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه‌شی به‌ده‌خاله‌تی چاد
و هاوكاری دارفۆرییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه دابێته‌وه، به‌ئاسانی
وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی تری بۆ نادرێته‌وه كه هه‌مان رووداوه
به‌دوای خۆیدا هێناویه‌تی، له‌وانه: ئایا ئه‌و هه‌موو چه‌كدارو
ئۆتۆمبیلی سه‌ربازییه چۆن له‌ناوچه بنده‌سته‌كانی دارفۆره‌وه كه
زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر دووره گه‌یشتنه پایته‌خت و حكومه‌ت و هێزه
ئه‌منی و موخابه‌راتییه‌كانی ئاگاداریان نه‌بوون تا ته‌قه
له‌نزیكیانه‌وه ده‌ستی پێكرد؟ ئه‌گه‌ر حكومه‌تی سوودان ئه‌وه وه‌ك
پیلانێكی چادی و ناوخۆیی وه‌سف ده‌كات و پێشوه‌خت ئاگاداری جموجۆڵه‌كان
بووه، چۆن به‌ری به‌و هێرشبه‌رانه نه‌گرتووه‌و هه‌ر له‌رێگاوه
په‌لاماره‌كه‌ی بێ ئاكام نه‌كردوون پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه پایته‌خت؟ پاشان
بزووتنه‌وه‌یه‌كی ناوچه‌یی په‌یوه‌ست به‌هه‌رێمێكه‌وه چۆن له‌توانایدا
هه‌یه بگاته ناوه‌ندو پایته‌ختی وڵاته‌كه بخاته ناو حاڵه‌تی شه‌رێكی
له‌و شێوه‌یه؟.
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ناكرێت حكومه‌تی سوودان له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا
پاساوی بێنێته‌وه‌و له هه‌ستیاری وبایه‌خی ئه‌و رووداوه كه‌م
بكاته‌وه‌و هه‌میشه قسه‌ی له‌سه‌ر فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كه‌ی بێت،
ئه‌وه‌ی رووی دا له‌هه‌یبه‌ت و قورسایی حكومه‌تی سوودانی هێنایه
خواره‌وه‌و له ئایینده‌شدا ده‌رهاوێشته‌ی خۆی ده‌بێت كه به سوودو
به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ئه‌لبه‌شیر ته‌واو نابێت، ئه‌مه‌ش كۆتایی
دۆزه‌كه نییه‌و ده‌كرێت هاوشێوه‌ی شه‌ری ئوم دورمان دووباره ببێته‌وه،
ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌وڵ نه‌دات چاره‌سه‌ری كێشه ناوخۆییه‌كانی نه‌كات و
له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌كانی دارفۆرو ناوچه‌كانی تری سووداندا پێك
نه‌یه‌ته‌وه.
kameelmahmod@yahoo.com
|