|
بایه‌خی گفتوگۆی
نێوان ئه‌مریكا و ئێران
كامیل مه‌حمود
له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا كه
عێراق له‌ناو بارودۆخێكدا ده‌ژی كه‌س ئیره‌یی پێ نابات، چه‌ندین
كۆنگره‌و كۆبوونه‌وه‌ی نێوخۆیی وئیقلیمی ونێوده‌وڵه‌تی ساز دراوه بۆ
چاره‌سه‌ری بارودۆخی نائارامی سیاسی وئه‌منی عێراق وكۆتاییهێنان به‌و
كه‌ش وهه‌وا ناسه‌قامگیره‌ی له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی ئه‌م وڵاته‌وه
بۆی دروست بووه، ئه‌وه‌ش تا ئه‌مرۆ به‌چاو ده‌بینرێت و دڵ وده‌روون
ده‌هه‌ژێنێت ئاست و رێژه‌ی ئه‌و توندوتیژییه خوێناوییه‌یه كه‌به‌رده‌وام
له‌هه‌ڵكشانی ترسناكدایه‌و هیچ یه‌كێكیش له‌و هه‌وڵانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ
كرا شتێكی له‌مه‌ینه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌كه‌م
نه‌كردووه‌ته‌وه.
له‌دوای هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش چاودێران ولێكۆڵه‌ره‌وه سیاسییه‌كان
قسه‌و لێكدانه‌وه‌ی خۆیان هه‌بووه‌و زۆربه‌ی لێكدانه‌وه‌و پێشبینی و
ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌ركه‌وتنی هه‌ر كۆنگره‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیش ئاوێته
به‌گومان كراوه‌و زۆربه‌شیان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بۆ ئه‌وه چوون كه ئاكام
و ده‌ره‌نجامێكی دڵخۆشكه‌ریان نابێت، چونكه چاره‌سه‌ركردنی
هه‌ركێشه‌یه‌ك له‌سه‌ره‌تاوه به‌دۆزینه‌وه‌ی هۆكاره‌كانی كێشه‌كه‌و
جوڵینه‌ره سه‌ره‌كی وبنه‌ره‌تییه‌كانی ده‌بێت، كه ئه‌وه‌ی له‌م
باره‌یه‌وه تائێستا‌و بگره هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ركه‌وتووه ئه‌وه‌یه
كه عێراقی دوای سه‌دام حسه‌ین كراوه‌ته گۆره‌پانی یه‌كلا كردنه‌وه‌ی
حساباتی ئیقلیمی ونێوده‌وڵه‌تی وزۆرێك له‌وڵاتانی ناوچه‌كه
ململانێكانی خۆیان له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كاندا گواستووه‌ته‌وه بۆ
ناو خاكی ئه‌م وڵاته‌و گره‌و له‌سه‌ر گیانی هاوڵاتیانی عێراق و ئاسیشی
وڵاته‌كه ده‌كه‌ن به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان
ده‌یخوازێت.
ئێستا قسه‌وباس له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئێران وئه‌مریكایه،
ناونیشانی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش عێراقه به‌هه‌موو كێشه
خوێناوییه‌كانییه‌وه، ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ده‌ره‌نجام بخاته‌وه،
یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌یه كه
له‌په‌راوێزی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئیقلیمی یان ئه‌وی تر رووی نه‌دابێت و
راسته‌وخۆ وبه‌بریاری ئاشكرا‌و راگه‌یه‌نراو تاران و واشنتۆن به‌یه‌ك
بگه‌ن. بگره یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یه له‌ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی‌دا روو
بدات و له‌گه‌ڵ وڵاته یه‌كگرتووه‌كاندا گفتوگۆی دوو لایه‌نه ئه‌نجام
بدرێت. كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌و دوو وڵاته تایبه‌ته به بارودۆخی
عێراقه‌وه، ئه‌گه‌ر تایبتیش نه‌بێت و بۆ مه‌سه‌له‌و كێشه‌یه‌كی تری
نێوانیان ساز كرابێت، هه‌ر په‌یوه‌ندی به‌عێراقه‌وه ده‌بێت و كاریگه‌ری
له‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی وئه‌منی ئه‌م وڵاته هه‌یه. چونكه ئه‌وه
سێبه‌ری ئه‌و كێشه ئاڵۆزانه‌ی نێوان ئه‌مریكاو ئێرانه به‌سه‌ر
عێراقه‌وه‌و ململانێی دوو سیاسه‌تی دژ به‌یه‌ك و ناكۆكی ئه‌م دوو
وڵاته‌یه بووه‌ته سه‌رچاوه بۆ زۆرێك له‌قه‌یرانه سیاسی و
ئه‌منییه‌كانی ئه‌م وڵاته.
چاره‌سه‌ری كێشه‌و ناكۆكی نێوان واشنتۆن وتاران ده‌بێته چاره‌سه‌ر بۆ
زۆر كێشه‌ی چاره‌نووسسازی عێراق و كه‌مبوونه‌وه‌ی ده‌خاله‌ته‌كانی ئه‌م
وڵاته له‌كاروباری ناوخۆی عێراقدا، به‌لای كه‌مه‌وه ده‌خاله‌ته
نێگه‌تیڤ وناته‌باكانی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌م
وڵاته. ئه‌مریكییه‌كانیش زۆرجار تاران له‌ئاكامی ده‌ستتێوه‌ردانه‌كانی
ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌و به فاكته‌ری نانه‌وه‌ی نائارامی
وقوڵكردنه‌وه‌ی ته‌نگه‌ژه سیاسی وئه‌منییه‌كانی ناو ده‌بات، بگره
به‌نێرده‌ی چه‌ك وته‌قه‌مه‌نی بۆ گروپه چه‌كداره‌كانی تاوانبار ده‌كات،
بۆیه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌م شێوه‌یه ده‌كرێت تاوتوێكردنی هه‌موو
ئه‌وانه به‌خۆوه بگرێت و گفتوگۆیه‌كی چروپر بێنێته كایه‌و ببێته
سه‌ره‌تایه‌ك بۆ كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی كێشه‌كانی نێوان ئه‌و دوو وڵاته
نه‌ك ته‌نها له‌عێراق، به‌ڵكو زۆرێك له‌كێشه‌و گرفته هه‌نووكه‌یی و
پێشووه‌كانی نێوانیان، كه‌ئه‌وانه‌ی ئه‌مرۆی ناو عێراقیش ده‌رهاوێشته‌ی
ئه‌و كێشه چاره‌سه‌ر نه‌كراوانه‌ی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌یه.
بریاربوو گفتوگۆكان ته‌نها ده‌رباره‌ی بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق بێت،
به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ستی پێ ده‌كرێت و چاودێرانی سیاسی بۆی ده‌چن
ئه‌وه‌یه كه‌عێراق كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا نییه‌و ئه‌وه‌ی به‌شێك
له‌كێشه‌كانی ناو عێراقی په‌یوه‌ست كردووه به‌تارانه‌وه، هۆكاره‌كه‌ی
بۆ كێشه‌و ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن ده‌گه‌رێته‌وه، ئه‌مریكییه‌كان
هاوكاری ئێرانییه‌كانیان ده‌وێت له‌رزگاربوونیان له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی
له‌عێراقدا تێی كه‌وتوون و ده‌یانه‌وێت تاران نفوزی خۆی له‌م وڵاته‌دا
به‌كار بهێنێت بۆ گێرانه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیری بۆ عێراق وكۆتایی
به‌هاوكاری گروپه چه‌كداره‌كان بهێنێت، به‌ڵام ئه‌سته‌مه تاران
به‌خۆرایی وبێ هیچ به‌رامبه‌رێك ده‌ستی واشنتۆن بگرێت وببێته ئه‌و
هاوكاره‌ی عێراق بكاته شامی شه‌ریف بۆیان، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا
كه‌ئه‌و وڵاته زلهێزه له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه فشاری خستووه‌ته سه‌ر
تاران وكه‌شتییه فرۆكه هه‌ڵگره‌كانی پنتاگۆن له‌كه‌نداودا چاوه‌رێی
ئاماژه‌یه‌كی كۆشكی سپییه بۆ هێرش و لێدانی زه‌بری كاریگه‌ر له‌ئێران.
گومانی تیادا نییه كه ئێرانییه‌كان پێش ئه‌وه‌ی ئارامی وسه‌قامگیرییان
بۆ خه‌ڵكی تر بووێت بۆ خۆیانیان ده‌وێت و مافی خۆشیانه، بۆیه
نه‌گونجاوه پێشبینی هیچ هاوكارییه‌كیان لێ بكرێت ئه‌گه‌ر ئارامی
وئاسایشی وڵاته‌كه‌یان زامن نه‌كرێت، به‌ڵام ئایا واشنتۆن ئه‌و
زه‌مانه‌ته‌یان ده‌داتێ؟.
kameelmahmod@yahoo.com
|