|
بسم الله الرحمن الرحیم
له‌كوردستان
رۆژانه مه‌رگه‌ساتی (دوعا) دووباره ده‌بێته‌وه
مه‌سعود عه‌بدولخالق
ده‌نگوباسی ئافره‌ت كوشتن به‌شێوازی
جوداجودا زۆر گه‌شه‌ی سه‌ندوه، له‌وانه‌یه هه‌ندێكیان تاوانێكیان
له‌ده‌ست رودابێ، یان ده‌سخه‌ڕۆ كرابن، یان كه‌وتبنه داوی پیاوی بێ
ویژدان، هه‌رچه‌نده هیچ له‌وانه دروست نیه راسته‌وخۆ به كوشتن سزا
بدرێن. به‌هه‌رحاڵ ئه‌و حاڵه‌تانه گه‌لێ زیادی كردوه، به‌ڵام سامناكتر
ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ئافره‌تانه‌ی ده‌كوژرێن تاوانه‌كه‌یان نه‌كردبێت.
من ئه‌وه‌نده به ویژدانیش نیم و ده‌پرسم بۆچی ئه‌م كوردستانه له
سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی بوو به (زوڵمستان)؟ ئه‌ی كوا سه‌رۆكی
هه‌رێم؟ سه‌رۆكی حكومه‌ت، په‌رله‌مان؟؟ جه‌ند جاره رایده‌گه‌یه‌نن كه
چیتر رێگاناده‌ن ئافره‌ت ئاوا به‌بێ تاوان بكوژرێن، بسوتێن، بخنكێن...،
ئایا ده‌زانن ئه‌وانه‌ی ئه‌و تاوانانه ئه‌نجام ده‌ده‌ن زۆربه‌یان
خه‌ڵكانێكی حیزبی یاخود سه‌ربازی حكومین یان به‌رپرسن، كه‌متر خه‌ڵكی
ئاسایی و خه‌ڵكی مه‌ده‌نی شار و دیندار ئه‌و تاوانانه ئه‌نجام
ده‌ده‌ن..
له رێكخراوه ئافره‌تی و مرۆییه‌كانیش ده‌پرسین ئێوه له كوێن؟ كوا
ده‌نگتان؟ دیاره ئێوه‌ش سه‌رقاڵی به‌رژه‌وه‌ندی خۆتانن و به‌دوای
نێچیری خۆتاندا وێڵن. ئه‌وه‌ی پێم گرنگه ئاماژه‌ی پێ بده‌م هۆیه‌كی
زیادبوونی ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه، رێكخراوه مه‌ده‌نی و ئافره‌تی و
حیزبیه‌كانن، به‌تایبه‌تی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیان، كه به‌شه‌وو رۆژ
هانده‌ری ئافره‌تان و كچانن بۆ یاخی بوون له خێزان، كه‌چی كاتێك
له‌سنوری خێزان ده‌رده‌چن، ئه‌وانه بۆیان له سێره‌ن تا ره‌وانه‌ی
شوێنی ناشیاوی بكه‌ن، وه‌ك له كتێبی (ئۆقیانوسێك له تاوان) چه‌ند
نمونه‌ی له‌و جۆره‌ی باسكردوه، كاتێكیش له‌لایه‌ن ئامر لیوا و ئامر
فه‌وج و ئه‌و سه‌رۆك عه‌شیره‌تانه‌ی به دیوه‌خانانه مه‌ستكراون، دوچاری
هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌رگ ده‌بێته‌وه، هه‌ر تكاشیان بۆ ناكه‌ن و ته‌نانه‌ت یاسا‌و
دادگا و حاكمه‌كانیش چاویان له‌ئاستیدا داده‌خه‌ن.. كه‌چی هه‌ژار و نه‌دار
و بێكه‌سی وا چه‌ند ساڵ له زیندان توند ده‌كه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی شتێكی
وایان كردبێت.
یه‌كێك له‌و تاوانانه له‌م دواییه له هه‌ولێر به‌رامبه‌ر ئافره‌تێكی
بێ تاوانی (15) ساڵان ئه‌نجام درا به‌ناوی (ئاڤان)، دراوسێكانی له‌به‌ر
خۆشه‌ویستی به (داده ئاڤان) بانگیان ده‌كرد، (داده ئاڤان) له‌و
ته‌مه‌نه‌دا هه‌ژار دۆست بوه‌و به‌ده‌نگ كێشه‌ی خه‌ڵكه‌وه چوه، بۆ
قوتابخانه و نیشتمان زۆر دڵسۆز بووه، به‌رامبه‌ر پیاوانیش به‌رده‌وام
وه‌ك مرۆڤێك سه‌لام و گفتوگۆی هه‌بوه.
(داده ئاڤان) له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره جوانانه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، تا
رۆژێكیان به كوڕێكی گه‌نج ده‌گات و ئاسایی چاكوچۆنی له‌گه‌ڵ ده‌كات،
به‌ڵام ئه‌و چاكوچۆنیه‌ی لێ ده‌بێته به‌ڵا و ئاژاوه‌چیه‌كان لێی
گه‌وره ده‌كه‌ن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وانه‌ی جاران به‌شێوازی
جۆراوجۆر خه‌ڵكی دڵسۆز و كوردپه‌روه‌ریان به داوه‌وه ده‌كردو ته‌سلیمی
داگیركه‌رانیان ده‌كرد، ئێستاش هه‌مان شت بۆ حكومه‌تی خۆمان ده‌كه‌ن،
حكومه‌تیش به‌داخه‌وه زۆرجار پشتیان پێ ده‌به‌ستێت و كه‌سانی دڵسۆز
ئازار ده‌دات.
كه ئه‌م قسانه ده‌گاته‌وه كه‌سوكاره نه‌فامه‌كه‌ی، كه بێجگه له
موچه‌ی سه‌ره‌مانگی كۆن و نوێ چیتر نازانن، پاره له هه‌ركوێیه‌ك بێت
به‌دوایدا ده‌چن و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن، به گه‌یشتنی ئه‌م هه‌واڵه
دادگایه‌كی ناوخۆیی پێك ده‌هێنن و سزای مه‌رگ به‌سه‌ر (داده ئاڤان) دا
ده‌سه‌پێنن.
ئه‌گه‌رچی كه‌سوكاری كوڕه گه‌نجه‌كه ده‌چنه لایان و پاكی كچه‌كه‌یان
ده‌سه‌لمێنن و دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه كه هیچیان له‌نێواندا نیه،
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاماده‌یی ده‌رده‌بڕن كه چوار كچیان پێ ببه‌خشن
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌و تاوانه هه‌ڵگرن، به‌ڵام بێ‌سود بوو،
گوایه ئابرو و شه‌ره‌فیان چوه.
سه‌یره!! تاڵانكردن و به‌شداری ئه‌نفال و دزی و راوڕوت شه‌ره‌ف چوون
نیه، كورد فرۆشی شه‌ره‌ف چوون نیه!! به‌ڵام گفتوگۆیه‌كی ساده‌ی كچ و
كوڕێك شه‌ره‌ف چوونه.
هه‌واڵ گه‌یشت به (داده ئاڤان) كه ته‌نها یه‌ك كاتژمێرت له‌پێش ماوه
به فه‌رمانێكی سه‌ربازی ده‌ستڕێژیت لێ ده‌كرێت، خۆت ئاماده بكه،
ئه‌ویش ده‌ستنوێژی شوشت و قورئانه‌كه‌ی هێناوده‌ستی كرد به
خوێندنه‌وه‌ی و له‌خوا ده‌پاڕایه‌وه، واپێده‌چێت لای كچێكی دراوسێ
وه‌سیه‌تی كردبێت، گوایه سوێندی بۆ خواردوه كه هه‌رگیز له‌ژیانیدا
دڵداری و شتی بێ ئه‌ده‌بی نه له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه‌و نه له‌گه‌ڵ
كه‌سی دیكه‌دا نه‌كردوه.
ئینجا به‌ناو مرۆڤه نه‌فامه‌كان (داده ئاڤان)یان به‌ره‌و مه‌رگ په‌لكێش
كرد، ئه‌ویش ده‌ستی له قورئان خوێندن و له‌خواپاڕانه‌وه‌ی خۆی
هه‌ڵنه‌گرت، كه ده‌ستڕێژی لێكرا، خوێنێكی گه‌ش له جه‌سته‌ی بێگه‌ردی
فیچقه‌ی كرد و زه‌ویه‌كه‌ی گوڵباران كرد، مۆری سوری خۆی له‌سه‌ر
قورئانه‌كه‌ش دانا.
چرایه‌كی گه‌ش له‌و گه‌ڕه‌كه تاریكستانه كوژێنرایه‌وه، لاشه
بێنازه‌كه‌ی به‌بێ كه‌سی شاردرایه‌وه.
كاتێك ئه‌م چه‌ند دێڕه‌م نوسی، هیچ هیوایه‌كم به حكومه‌ت و یاسا و
رێكخراوه‌كانی ئافره‌تان و مافی مرۆڤ نه‌مابوو، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م له
ده‌ست هات فرمێسكێكی گه‌رمی بۆ بڕێژم.
داده ئاڤان ویستی رۆڵی (دایكه تیرازا) ببینێ، نه‌یزانی ئه‌و چه‌كه‌ی
ئه‌نفالی پێكراو دواتریش به‌شداری شه‌ڕی براكوژی كرد، به گولله‌ی
ئه‌و چه‌كه وه‌ڵامی چاكه‌كانی ده‌درێته‌وه، ده‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م
روداوه گه‌یشته خه‌ڵكێكی زۆر، كه‌چی حكومه‌ت و ئاسایشی كوردی، پۆلیسی
قه‌ڵاچۆی تاوان، لق و مه‌ڵبه‌نده‌كان، رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان، ده‌زگا
راگه‌یاندنه‌كان.. لێی بێ‌ئاگا بوون، هه‌رچه‌نده ئه‌وان خۆیان به
پارێزه‌ری رۆڵه‌كانی كوردستان داده‌نێن، كه‌چی له‌مه‌یان بێ‌ئاگا بوون،
دیاره ئه‌وانه‌ی ئه‌م تاوانه‌یان به‌رامبه‌ر ده‌كرێت هاوڵاتی كوردستان
نین.!
|