|
بسم الله الرحمن الرحیم
بۆچی دیکتاتۆرەکان
بیرێک لەچارەنووسیان ناکەنەوە !!؟؟
سەدام و کارادزیچ وەک نموونە...
سوهەیب جەمیل عەلی
بەدرێژایی مێژوو گەلانی ژێردەستە
لەژێر چنگی ستەمکار و دیکتاتۆرەحوکمڕانەکانیان چەوسێنراونەتەوەو، مافیان
پێشێڵ کراوە و حەز و ئارەزووەکانیان لەگۆڕ نراون، گەر ئاوڕێک لەرابردوو
بدەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەدان دیکتاتۆری خوێن ڕێژ لەسەر ئەم زەوییە
بوونیان نەما و نغرۆ بوون و لەناوچوون، کەئەویش لەدەرەنجامی ئەو
نادادگەرییەی کە بەردەوام کردبوویان بەپیشەی خۆیان و گەلەکانیان پێ
چەواشە دەکرد و ئیبادەیان دەکردن، چەند دیکتاتۆرێکی وەک مۆسۆلۆنی ئیتالی
و ستالینی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو و ئەدۆلف هیتلەری نازییەکانی ئەلمانیا
و تیتۆی یۆگسلافیا و چاوچیسکۆی رۆمانیا و سلۆڤۆدان میلۆسۆڤیچ و رادۆڤان
کارادیزیچی سربەکان و سەدام حوسێنی عێراق وەک نموونە دەهێنمەوە، ئەوان
ئەگەر لەرابردوو تاوانیان کردو، ستەمەکانیان بێ وێنەبوون ئەوا ئەمڕۆش
ناویان هەر لەمێژوودا ماوەو بەرگوێی ستەمکارانی تری ئەم رۆژگارە دەکەوێت
.
بەڵام ئایا ئەو جۆرە ستەمکارانەی ئەم رۆژگارە پەند و عیبرەت لەلەناوچوون و
بەنەفرەت بوونی ستەمکارانی پێشوو بەدەستی رۆژگارەوە وەردەگرن و رۆژێک
لەرۆژان هەڵوێستەیەک بەرامبەر هەڵەکانیان دەکەن و تێفکرن و جارێک لەناخی
خۆیان بپرسن کە ئەم هەموو تاوانە لەپای چی و لەبەرچی ..!!؟؟
لەرابردوو تاوانی لەرادەبەدەری دیکتاتۆرەکانمان بینی و خوێندمانەوە،
تاوانەکانی زلهێزان وەکو دەست درێژکردن بۆسەربەرژەوەندییەکانی یەکتر و
داگیرکردنی خاک و وڵاتی یەکتر، تاوانەکانی سەدامی گەورە دیکتاتۆر
بەرامبەر بەگەلانی عێراق و بەتایبەتی تر دژبە گەلی کورد کەلەمیانەی
تاوانەکانیدا زیاتر لەسەدو هەشتاو دوو هەزار کوردی زیندە بەچاڵ کردو
لەماوەی چەند خولەکێکیش گەورەترین تاوانی ئەنجامدا کە ئەویش تاوانی
کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهیدبوو، ستەم و تاوانەکانی سەدام شاراوە
نەبوون و بەبەرچاوی هەموو جیهان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدران
و ئەوانیش لەراست خۆیانەوە بێدەنگییان دەنواند و لەئاست تاوانەکان چاویان
کوێر و گوێچکەیان کەڕبوو، سەدەی بیستی رابردوو دڕندەترین و ناودارترین
دیکاتۆری لەخۆگرتبوو وەکو لەسەرەتا ئاماژەم بەناوی هەندێکیان کرد،
دیکتاتۆرێکی تری سەدەی بیست رادۆڤان کارادزێچی سەرکردەی سربەکان بوو،
کارادزێچ بەهۆی ناوبانگێتییەکەی لەکوشتن و دەربەدەرکردنی موسڵمانانی
سێربرینتشیا و بۆسنە لەساڵی 1990 بەتەواوەتی ڕۆڵی خۆی لەقەڵاچۆکردن و
دەربەدەرکردنی خەڵکانی بێ دیفاع داسەپاند، گرنگترین هۆکاری ستەمەکەی
بێدەنگ بوونی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بوو، چونکە لایان روون بوو کە ئەو
کەسە ستەمکارە و دەستی بەخوێنی هاوڵاتیانی سڤیل سوورە و ئامادەنییە
دەسبەرداری ستەمەکانی بێت تاوەکو ئامانجەکانی دەپێکێت کە ئەویش
سڕینەوەی ناسنامەی موسڵمانانە، سەدامیش بەهەمان شێوە هیچ شتێک نەما
لەدژی کورد ئەنجامی نەدات وەکو لای هەمووان روونە تاوانەکانی بریتی
بوون لە تەعریب و داپڵۆسین و چەوساندنەوە و وێرانکردنی گوند و دێهاتەکان و
کیمیاباران کردن و بەجینۆسایدکردنی مناڵ و گەنج وبەساڵاچوو و لەناوبردنی
کیانی کوردی و دەیان تاوانی تر .... تاوانەکانیان بەئاشکرا بەبەرچاوی
جیهانەوە ئەنجام دەداو شاراوە نەبوون، کەچی لەکاتی قۆڵبەست کردنیان
دەخرێنە قەفەسی زیندانەوە و بەدادگاییکردنێکی ڕووکەشانە پرسیاریان
ئاڕاستە دەکرێت لەسەر ئەوتاوانانەی کەکردوویانە ...!!! لەکاتێکدا هیچ
پێویست بە لێکۆڵینەوە و پرسیارکردن ناکات چونکە تاوانەکانیان پەردەپۆش
نەبوون و بەبەرچاوی هەموو جیهان ئەنجامیان دەدا..
دیکاتاتۆرەکان ترسنۆکن ..!!
سەرەڕای زۆری تاوانەکانیان دیکتاتۆرەکان کەسانی چاونەترس و ئازانین و
زۆریش لەگەلانی ژێر دەستیان دار و دەستەکانی خۆیان دەترسن ..!!! یان
جورئەت نایانگرێت دوای رووخانی رژێمەکەیان فیشەکێک بەجەستەی خۆیانەوە
بنێن و کۆتایی بەژیانیان بهێنن، ئەوەتا وەک دەگێڕنەوە ستالینی دیکتاتۆر
بەردەوام لەکاتی خەوتندا دەمانچەکەی لەژێر سەرینیەوە بووەو، بەردەوامیش
لەخەو رادەپەڕی و ترس دایدەگرت ..!!! سەدامیش بەهەمان شێوە گەر سەردانی
شوێنێکی بکردایە چەند فیرقەیەکی پاسەوانی کۆماری و سەربازی
لەگەڵیدابوون ولەئاسمانیشەوە چەند فڕۆکەیەک بەسەرسەرییەوە دەخولانەوە، و
ئەگەر متمانەی بەهەر کەسێکی نزیکی خۆی نەبایە ئەوا مسی دەخستە
قوڕگییەوە و لەناوی دەبرد ..!!! کارادزیچیش دوای لەناوبردنی نزیکەی
هەشت هەزار موسڵمانی بۆسنە بەدرێژایی سیانزە ساڵ لەدڵەڕاوکێ و ترسدا
گوزەری دەکرد و وەک بینیمان هەمان شێوە و رووخساری سەدامی هەبوو لەدەمی
دەستگیرکردنی بەقژێکی درێژ و سمێڵ و ریشێکی ئاڵۆزەوە قۆڵبەستکراو
کەسەرەتا ناسینەوەی زۆر مەحاڵ بوو چونکە شکڵ وشێوەی لەفەیلەسوفێکی وەک
ئەنیشتاین و سوقرات دەچوو ...!!!
دیکاتۆرەکان نکوڵی لەتاوانەکانیان دەکەن :
لای هەمووان ئاشکرایە کە هەموو دیکتاتۆرێک لەکاتی دادگاییکردن و
لێپرسینەوە لەتاوان و ستەمەکەی نکوڵی دەکات و جارجارەش بەشپرزەییەوە
رایدەگەیەنێت کە خودی خۆی ئاگاداری ئەوجۆرە تاوانانە نەبووە کە لەلایەن
دار ودەستەکەیەوە ئەنجام دراون .!!! چەندین جار سەدامی دیکتاتۆرمان بینی
کەچەندە بێ شەرمانە پاساوی بۆ تاوانەکانی دەهێنایەوە و جارجارەش دەیوت :
گەلەکەم خیانەتیان لێکردم ..!!!
دیکتاتۆرەکان سەرنجی وڵاتان بۆخۆیان رادەکێشن :
خوو و نەریتی هەموو دیکتاتۆرێکە کە لەکاتی دادگاییکردن سەرنجی وڵاتانی
تر بۆخۆیان ڕبکێشن تاوەکو بەزەییان پێدابێتەوە و وەک بڵێی ئەم کەسە
دیکتاتۆر و ستەمکار نییە، چەندین جار سەدام لەکاتی دادگاییکردن قورئانێکی
بەدەستەوەبوو و جارجارەش بۆسەرسەری بەرزدەکردەوە و ماچی دەکرد
بەوئومێدەی کە وڵاتانی ئیسلامیش بزانن کەچۆن پیاوێکی لەخواترس و
ئیماندارە کەچی لەولایشەوە لەرابردوودا لەکاتی هێرشکردنە سەرگوند و
دێهاتەکانی کوردستان چەندین قورئانیان بەئاشکرا دەدڕاند و دەسووتاند،
لەولایشەوە ئەگەرچی میلۆسۆفیچ شەرمن و کەمدوو بوو بەڵام کارادزیچیش
بەڕووکەشێکی بەریئانە دێتە ئاخاوتن و وەک کۆیلەیەکی دەستبەسەرکراو دێتە
بەردیدە وەک بڵێی ئاگاداری هیچ مەسەلەیەک نییە.
سەرەنجامی دیکتاتۆران :
بێگومان مادام دیکتاتۆرەکان بەخوێن ڕشتن وڵاتیان بەڕێوەبرد، دەبێت هەر
بەوشێوەیەش لەناوبچن و پاداشت وەربگرن، ئەگەر بەو شێوەیەش نەبێت ئەوا
لەمەنفا و بەزەلیلی و نەخۆشیێکی کوشندە سەردەنێنەوە وەک لەرابردوو چەندین
دیکتاتۆرمان بینی کە بەو شێوەیە ژیانیان کۆتایی پێهات و چاوە پڕستەم و
خوێناوییەکانیان لێک ناو زەویش لاشەی بزرکردن و تەنانەت هەندێکیان وەک
پەند وعیبرەت بۆ دیکتاتۆرانی دوای خۆیان لەنێو ساردکەرەوەکان هەڵگیراون و
دەرمان کراون.
ئایا مردن بەسە بۆ دیکتاتۆرەکان :
وەکو لەمێژە وتراوە مردن قەناعەت بەهەموو کەسێک دەهێنێت، بەڵام مردن بۆ
دیکتاتۆرەکان بەس نییە... مانەوەیان چاکترە لەمردن تاوەکو ئەوکاتەی
تەمەنیان بەکۆتا دێت تاڵی و ناسۆری نێو زیندان بچێژن و بزانن کەچەندە
سەختە بەدەسبەسەری بژیێت و سەربنێیەوە و تاوەکو بیریان بێتەوە کەچۆن ئەو
هەموو خەڵکەمان بەوشێوەیە چەوساندەوە و لەناومان بردن ...!!؟؟
ئەگەرچی سەدامی دیکتاتۆریش بەکۆمەڵێک تاوانی شاراوە و نەزانراوو
ئاشکرانەکراو خرایە گۆڕەوە بەڵام لای خوای گەورە ئاشکران و، ون نابن...
گرنگ ئەوەیە کاربەدەستانی ئەمڕۆ بەردەوام لەبیری ئەو ڕیسوا بوونە و زەلیل
بوونە دابن و هیچ کات و ساتێک مس نەخەن گەرووی خەڵکییەوە و خەون و هیوایان
نەخنکێنن، خۆئەگەر ئەمڕۆش خەڵکان دەچەوسێننەوە و بیر و ڕا و مافیان زەوت
دەکەن و حەز و خولیایان دەخەنە گۆڕەوە ئەوا بابزانن کەمردن نزیکە و
چارەنووسیان وەکو دیکتاتۆرەکانە و ناوو شکۆمەندی و باڵادەستی جارانیان
دەخرێتە زبڵدانی مێژووەوە.
swhaib77@yahoo.com
|